سه‌ره‌تا گۆرانی کوردی جیهانی حه‌یران ڤیدیۆ کلیپ هۆنراوه‌ دیمانه‌ لینک نوکته و قسه‌ی نه‌سته‌ق‌ په‌یوه‌ندی

Browse artist list: A | B | C | D | E | F | G | H | I | J | K | L | M | N | O | P | Q | R | S | T | U | V | W | X | Y | Z

هونەرمەند "مەریوان سەفادین": "١٤" ساڵی ژیانی ئەوروپاشم هونەری ڕۆژئاوایی کاریگەری نەکردۆتە سەر دەنگم...

ئەزیزانی ماڵپەڕی لێزان.نێت، وەک ئاگادارین هەردەم وەک ماڵپەڕەکەمان لە هەوڵی ئەوەداین زۆرینەی هونەرمەندانی کوردی بەسەر بکەینەوە. هەر بۆیە ئەمجارەش هونەرمەندی زێدە خۆشەویستی هونەری ڕەسەنی کوردی هونەرمەند "مەریوان سەفادین" لە دیمانەیەکدا بەسەرمان کردەوەو توانیمان چەندین پرسیار و ڕاو بۆچوونی لێ وەبگرین سەبارەت بە نوێکاریەکانی ئێستای هونەری کوردی و مێدیای کوردی و چەند پرسیاری دیکەش. هونەرمەند مەریوان سەفادین خاوەنی دوو ئەلبوومە، یەکەم ئەلبوومی بە ناوی  "دییە" لە ساڵی "٢٠٠٢" بڵاوبووەو توانی لەنێو جەماوەرەکەیدا سەدایەکی باش بداتەوە، دوابەدوای ئەم ئەلبوومەی هونەرمەند ئەلبوومی "جێژوان" لە ساڵی "٢٠٠٦" بڵاو کردەوە. هەڵبەتە هونەرمەند مەریوان سەفادین چەندین بەرهەمی سینگلیشی لە مێدیا کوردیەکان هەیە و ئێستاکەش لە هەوڵدایە بۆ چەند کارێکی نوێ. فەرموون ئێوەو ئەم دیمانەیە لەگەڵ هونەرمەند مەریوان سەفادین دا.

 

هێمن کارێزەیی: کاک مەریوان وەک دەزانین بەڕێزتان لە هونەری ڕەسەنی کوردیدا پانتایەکی باشتان هەیە، دەکرێکت کەمێک لەسەر ئەزموونی چەند ساڵەت بدوێیت؟

مەریوان سەفادین: من لە سەرەتای ساڵی "١٩٩٣"ــوە دەستم کردووە بە کاری هونەری ئەوەش بە هاوکاری کۆمەڵیک هونەرمەند و هاوڕێی دڵسۆزمەوە بوو، کە هاندەر و یاریدەدەرم بوون. وە هەر لە سەرەتاشەوە وا دروست بووم کە لە هونەری ڕەسەنی کوردی لانەدەم، بەڵام هەمیش هەوڵی جاوانکاری و تازەگەری لە هونەرکەمدا بکەم وە ڕێگەی تایبەت بە خۆم بدۆزمەوەو دروست بکەم. گشتی ئەمانە من لە ڕێگەی کۆمەڵی هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و شارەزا توانیم بگەمە ئەم ئاستەی ئێستام. دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەوەش کەوا "١٤" ساڵی ژیانی ئەوروپاشمدا تا ئێستا نەمهێشتووە کاریگەری هونەری ڕۆژئاوایی هەبێت لەسەر دەنگ و هونەرەکەم. هەروەها گوێشم لە هەموو جۆرە گورانیەک گرتووە، هەمیشە من بەبەردەوامی هەوڵ ئەیەم کە جوانکاری زێدە تر لە هونەرەکەم و دەنگمدا بکەم ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە حەزم بە پێشکەوتنی هونەری کوردی و ناساندنی هونەری کوردیە بە گەلانی دیکەی دوونیا.

هێمن کارێزەیی: کاک مەریوان وەک دەزانین وا بڕیاریت داوە کە کارەکانت بە سینگڵ بڵاو بکەیتەوە و ئەلبووم بڵاو نەکەیتەوە، ئەم بڕیارەت بۆ؟

مەریوان سەفادین: بەڵی، لە ڕاستیدا من ئەو بڕیارەم داوە کە چیتر گۆرانیەکانم بە شێوەی ئەلبووم بڵاو نەکەمەوە، چونکە وڵاتی ئێمە کوردستان تا ئێستا هیچ یاسایەکی نیە بۆ بەرگیری کردن لە مافی هونەرمەندان و کۆپی نەکردنی بەرهەمەکانیان، بۆیە من وەکو خۆم چیتر ئەلبووم بڵاو ناکەمەوە تا ئەو کاتەی دڵنیام کە ڕەنج و ماندوبوونم ناچیتە گیرفانی چەند بازرگانێکەوە. وە هیوادارم حوکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری پشگیری خۆی بۆ هونەرمەندان ڕابگەیەنێت لەو بارەیەوە.

هێمن کارێزەیی: مەرجی تۆ بۆ ئەو تێکستانەی وەریان دەگریت چین؟ ئایە پشت بە چی شێوە تێکستێک دەبەستی؟

مەریوان سەفادین: لە ڕاستیدا من هیچ مەرجێکم نیە بۆ وەرگرتنی تێسکت وە بەلامەوە گرینگ نیە کە تێکستی گۆرانیەکەم هی کام شاعیر بێت، چونکە من دڵنیام تێکستی جوان و پڕ مانا خۆی جێی خۆی دەکاتەوەو ئاواز بۆ خۆی دروست دەکات. وە من پەیوەندیم لەگەڵ زوربەی شاعیران هەیەو هاوڕێمن کۆمەڵیکی زۆر هۆنراوەی هەمویانم لەبەر دەستایە ئیتر وەک باسم کرد تێکست خۆی گۆرانی بۆ خۆی دروست دەکات، مەرجم نیە بۆ ئەوە.

هێمن کارێزەیی: دەکرێت ناوی ئەو شاعیرانە بڵیی کە مەریوان سەفادین تێکستی لێوەرگرتوون بۆ کارە نوێیەکانی؟

مەریوان سەفادین: بەڵی، ناوی ئەو شاعیرانەی تێکستم لێ وەرگرتوون یەکجار زۆرن وەک باسم کرد  تێکستی هەموویانم لە بەردەستم هەیە و بەبەردەوامی کاریان لەسەر دەکەم وە ناوی هەندێکیان وەک: (حەمە شوانی، شەریف ئەحمەد، ئەحمەد موحەمەد، گەشبیر ئەحمەد، ڕێبوار ئالانی.... هتد.) داوای لێبوردنم هەیە گەر ئێستاکە ناوەی گشتیانم لە خەیاڵدا نەبێ.

هێمن کارێزەیی: ئەمڕۆی هونەری کوردی چەند لق و پۆپی لێبۆتەوە، بەڵام فۆلکلۆر هەر پانتایی خۆی ماوە، تۆ ڕات چی یە بۆ ئەمە؟

مەریوان سەفادین: فۆلکلۆر هەر دەمێنێت وە زیاتیرش پەرە دەستێنێت چونکە هونەری موزیکی هەموو میلەتێک لە فۆلکلۆرەوە پەرەی سەندووەو پێشکەوتووە وە ئەو بەرهەمانەی کە ئێمەی هونەرمەندان ئێستا دەیڵێین و بڵاوی دەکەینەوە پاش ساڵانێکی تر دەبێتە فۆلکلۆر بۆ نەوەکانی دوا ئێمە وە هەر فۆلکلۆریشە دەبێتە ناسنامەی ئێمەی کورد و هونەرمەندانی کورد.

هێمن کارێزەیی: سەر بە پرسیاری پێشوو: باشە، دەکرێت ئێمە هەر بۆ فۆلکلۆر کار بکین و ستایلە نوێیەکان لە بیر بکەین و کاریان بۆ نەکەین؟

مەریوان سەفادین: من لەگەڵ ئەوەدا نیم تەنها فۆلکلۆر لە مەیدانەکەدا هەبێت و هەموو ستایلەکانی تر پشت گوێ بخەین، بەڵام من لەگەل ئەوەدا نیم کە فۆلکلۆر لەبیر بکەینوو زیندە بەچاڵی بکەین و لەناوی بەرین. ئەگینا من هەمیشە ئەوەم وتووە کە لەگەڵ تازەگەری و پێشکەوتندام کە بەسەر هونەری کوردیدا بێت.

هێمن کارێزەیی: ئێستاکە مێدیاکان پانتایی خۆیان هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین مێدیای کوردی ئێستا پرۆفیشۆناڵانە کار دەکات؟

مەریوان سەفادین: بەڕای من هەتا ئێستا مێدیای کوردی نەگەیشتۆتە ئەوەی پێی بوترێت کە پڕۆفیشۆناڵانە کار دەکەن، چونکە هیچ کام لەو مێدیا کوردیانە کەسانی پڕۆفیشۆناڵیان نیە کاریان تێدا بکات. تەنها ئەوەیە ئەو کەسانەی لە مێدیاکاندا کاردەکەن پشتی بە ئەزمونی خۆیان دەبەستن، بەڵام لە ڕێگای خوێندن و بە بڕوانامە گەورەوە لە بوارەکەیاندا کار ناکەن. بۆیە بەڕای من هێشتا مێدیای کوردی زۆی ماوە کە پێی بڵێین پڕۆفیشۆناڵانە کار دەکەن.

هێمن کارێزەیی: وەک دەزانین کاک مەریوان تۆش خاوەنی ماڵپەڕێکی چالاکیت لە ئاستی ماڵپەڕە هونەریەکاندا، دەتەوێت تۆ لەوێووە چی پەیامێک بگەیەنیت؟

مەریوان سەفادین: بەڵێ، ئامانجی من لە کردنەوەی ئەو ماڵپەڕە ئەوەیە کە ئەرشیفی خۆم و کارو چالاکیە هونەریەکانی خۆم بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەمەوە هەڵبگرم و بە هەوادارانی هونەرەکەمی ئاشنا بکەم، بەڵام لەو دوایانەدا لەسەر داوای زۆرینەی خەڵک بۆ ئەوەی ماڵپەڕکەم ماڵپەڕێکی مردوو نەبێ، بابەتی هونەریش بڵاو بکاتەوە هەر بۆیە ماڵپەڕەکەم ڕۆژانە بابەتی هونەری ڕۆشنبیری ئەدەبی بڵاو دەکاتەوە بۆ خزمەت کردنی هونەری کوردی. لەگەڵ ئەوەشدا من لەو ڕێیەوە ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو ماڵپەڕە کوردیەکان هەیە کە هاوکاری ماڵپەڕەکەی من دەکەن و خەمخۆرن بۆ بەردەوام بوونم.

هێمن کارێزەیی: ڕات چیە بەرامبەر ستایلی پۆپ، ڕۆک و ئەرابیسک؟

مەریوان سەفادین: ڕای من بەرامبەر بە ستایلی پۆپ و ئەرابیسک بەڕای من کە هونەر گەشەی کردو پێشکەوت هەموو ستایلێک لە خۆی دەگرێت تەشەنە دەکات و زیاد دەبێت، بەڵام من بۆ خۆم هەمیشە هانی بەهرەمەندان دەدەم بەوەی کە کار بۆ پێشتخستنی هونەری ڕەسەنی کوردی بکەن، چونکە پۆپ، ڕۆک و ئەرابیسک و ئەم جۆرە هونەرانە هێ ئێمەی کورد نین ئیتر بۆ ژیانی خۆمانی بۆ تەرخان بکەین کە لە هەمان کاتیشدا خزمەت بە هونەری کوردی نەکات؟ من دەڵێم با گوێگری هەموو ستایلێک هەبین، بەڵام کاری لەسەر نەکەین.

هێمن کارێزەیی: لە ئێستاکەدا گەلێک گەنجی کارامە دەبینین دەیانەوێت بخزێنە ناو هونەری کوردیەوە، بەڵام پشتگیریەکی ئەوتۆ ناکرێن، تۆ ئەم کێشەیە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

 

مەریوان سەفادین: بەڕای من گەنجان زۆر هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی بێنە ناو هونەری کوردییەوە وە دەبینین ئەو هەموو گەنجانەی ئێستا بە گۆرانی تازەوە دەردەکەون، بەڵام لەوانیە هەندێک نەزانانە هەوڵیان دابێت بێنە ناو هونەری کوردی و ڕێگریان هەبووبێت.

 

هێمن کارێزەیی: هەندێک لە هونەرمەندان ئێستاکە هەڵساون بە ئامادەکردنی بەرنامەی تی ڤی، تۆ ئەم کارەی هونەرمەندان چۆن دەبینی؟ ئایە هونەرمەند هەر لە قاڵبی هونەرەکەی خۆیان بێمێنێتەوە باشتر نیە؟

 

مەریوان سەفادین: بەڕای من هونەرمەند گەر بتوانێت لە بوارەکانی تریشدا کار بکات و سەرکەووتوبێ بۆ نا؟ با ببێتە پێشەکەشکاریش ئەوەش هونەر و بەهرەیە، کارێکی خراپ نیە.

 

هێمن کارێزەیی: دەکریت بزانین ئێستاکە پەیوەندی نێوان هونەرمەند مەریوان و هونەرمەندەکانی دیکە چۆنە، بەوپێیەی ئێستا بەڕێزتان نیشتەجێی وڵاتی "سوید"ـن؟

 

مەریوان سەفادین: لەڕاستیدا من بەو پێیەی "١٨" ساڵە لە بواری هونەری گۆرانی کار دەکەم زوربەی هونەرمەندەکان دەناسم و هاوڕێیەتیم هەیە لەگەڵیان، وە هەمیشە خۆم بە بچووکی هەوومیان زانیوە وە هەر کاتێک کارێکیان بە من هەبووبێت هاوکاریان بووم خۆشەم دوێن، بەڵام هەندێک هونەرمەندیش هەن کە حەسوودیەکی لە خوێنیاندا هەیە بەرامبەر بە هونەرمەندانی تر. ئەوە کارێکی زۆر ناشرینە و من بە نەخۆشی دەزانم ئەو هونەرمەندانەی کە بە کەوتنی هاوڕێ هونەرمەندێکی دڵخۆش دەبێت ئەوە نەخۆشەو لێیان ناگیرێت.

هێمن کارێزەیی: وەک هونەرمەندێک پێشنیارت چی یە بۆ ماڵپەری لێزان.نێت؟

بۆ لێزان.نێت هیوادارم هەمیشە سەرکەووتووبن وە هیوادارم بەردەوام بن لە خزمەتکردنی هونەر، هونەرمەندان و بەهرەمەندانی کورد. وە لێزان.نێت توانیویەتی لە سەرەتای لە دایکبوونیەوە خزمەتێکی گەورە بگەیەنێت بە هونەرمەندا و بەهرەمەندانی کورد وە توانویەتی کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان بناسێنێت بە جەماوەری کورد. هیوای تەمەن درێژی بۆ لێزان.نێت وە خزمەت کردن بە بێ جیاوازی. هەر بژین.

ئامادەکردنی:
هێمن کارێزەیی
Hemen@Lezan.Net

 
ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵگره‌ لێزان نێت بکه‌ به‌ ده‌ستپێکی خۆت ئه‌م لاپه‌ره‌ کۆپی بکه‌ ئه‌م لاپه‌ره‌ دابخه‌