|

کەیار نایە ئەڤین فەهمى لەئینتیزارى هاتنى یاردا دڵۆپ دڵۆپ ئەشکى بێ ئومێدى هەڵدەڕێژم. کەیارنایە دڵتەنگى خۆم جاڕ دەدەم، دڵى خۆم لەکۆڵانى مناڵیما دێنمەوەو پەردەى پەنجەرەکان دائەدەمەوەو بەرچایى ناکەم.. ئێواران نێو باخ پاک ناکەمەوە لەگەڵاى زەردى پایزانە دڵى باوکم عاجز دەکەم لەخۆم! قوفڵ لەدەرگا ئەدەم و بۆکەسى ناکەمەوە وایەرى تەلەفونى دەردێنم و لەکەس ناپرسم. لە ئنتیزارى هاتنى ئەودا هێدى هێدى لاپەڕەى عومرى خۆم هەڵدەدەمەوە گاڵتەم لەداهاتووم دێ! زۆرجار وادەزانم دێ، ماڵەکەم پاک دەکەمەوەو لەخۆشییا لەبرى من لاولاوەکان بەدیوارەوە سەما ئەکەن خونچەکان دەپشکوێن بۆنى قەنەفلەکان پڕم ئەکەن لەبەرامە. بێ تاقەتى لەڕووم دەسڕم و بەسەبەتەیەک ترێ وە لەباخەکە دێمەوە عەتر ئەپژێنم بەخۆما،، سوراوەکەم تۆخ ئەکەمەوەو ڕۆژ ژمێرى عومرى خۆم بەتەنافى چاوەڕوانى ئەودا هەڵدەواسم، دووسێ جار خۆم دەگۆڕم و نینۆکەکانم سوردەکەم و تەنیایى لەسەر جلەکانم دەسڕم! بەویقاڕەوە دائەنیشم بەباوەشێک خەندە پێشوازى ئەکەم،، لەمەراقا چەند کوپ قاوەى تاڵ لەسەر یەک ئەخۆمەوەو بۆشیعرە بێ سەرو بەرەکانم سەمفۆنیا دائەنێم کەمانەکەم ئەدەمە دەستى باوە لەبرى من ئاواز بچڕێ زۆرى لەخۆم دەکەم قەسیدەیەک بنووسم پڕبێ لەباڵاى یار!! ئاه..کەیار نایە، خاو دەبمەوە ئیدى شەڕ لەگەڵ کەس ناکەم و نزاى بۆدەکەم دراوسێ ئاشت ئەکەمەوە، ئەپاڕێمەوە لەباران لەگەڵ خۆیدا بیبارێنێ بەحەوشەکەماندا ئەو ناوە تەڕکاتەوە! کەیار نایە، ئەم شارە لەبێدەنگیدا توڕەیە وەک دڵى من،، ڕۆژێک دێ خۆى هەڵپێچێتەوەو زیز ئەبێ لەوانەى دڵان دەکوژن! کەیارنایە، لاپەڕەى بۆرى یادگارى دەدڕێنم و پەڕە پەڕەى دەسوتێنم و خۆڵەمێشى لێدەگرم، لەشیعرەکانم توڕە ئەبم و چ ئاوازێک دانانێم! حەزەکانى مناڵیم تا گەورەبوون لەدەست نوێژ هەڵگرتنى سپێداندا ئەخنکێنم، عازەبانە دائەنیشم چا بۆمیوان تێ ئەکەم بەقەڵەمەکەشم ئەڵێم یار نەهات،
!گەر من بمرم چ لەتۆدا ڕوودەدا ئەڤین فەهمى ئەترسم ڕۆژێک مردنى خۆم ببینم بەرلەدیدارت واى چەند دەمێکە مردووم.. چ مردنێکى مەلول و بێ دەنگ! پرسیار ئەکەم من بەچى مردم؟! ئاخر تۆش دەستت خستبووە ملى برینێکمەوە خەریکى خنکانم بووى باسى ئەم عیشەقەمانت لاى کەس نەکرد پێم ناڵێى.. دواى مردنم ئەو هەموو جوانى یادگارە بەتەنیا چى لێدەکەى؟ گەر من بمرم چ لەتۆدا ڕوودەدا..! واى چەندە ڕیسوام، کەسرودى تێکشکاوى خۆمم بۆ ئەدا ناکرێ. چى دەبێ لەوە ناخۆشتربێ من وتۆ تەمەنێ بەڕێ بکەین و نەزانین ئارەزووى چى لێکترى ئەکەین دەرهێنانى تەماحەکانى گەورەیى لەناو پێستمان، یاپڕکردنەوەى دەفتەرێک لەیادگارى کەهەزارو یەک جار نووسیومانە ئەودەمەى ماچى لێوەکانتم کرد حەزم دەکرد هەموو دوونیا خاڵى بکەین لەبوون؟! وەلێ برادەر گیان گەورەبووین و هیچمان نەکرد...هیچ! تاقەتمان چوو ئەوەندەمان چاوەڕوانى کرد ئێ تەمەن هەر بەشى ئەوەندە چاوەڕوانى کردنە ئەکات بەشى دیدار ناکا. گەر من بمرم...یادگارەکانم بەکەڵکى کەس نایە تۆش بەکەڵکى کەس نایەى! چى دەبێ مەرگ ڕێگاى من و تۆ پێنەزانێ و وادەى ڕۆح کێشانى بیرچێتەوە!! تا مێشک پڕبکەین لەعەشق.. دڵى بەرد پڕبکەین لەئەوین ئەوکات مەرگ بێ. ئەترسم زاکیرەى عەشق دەربهێنرێ و لەگۆڕ بنرێ مەرگ ئەو میهرەبانییەى بەبەرەوە نەمێنێ... ئاخر ئەو هەموو ئەلبوومە چى لێبکەین کەنیوەى ڕەسمەکانى بەدزیەوە هەڵمان گرتوون..! دەزانم من لەناو خەوێکمدا خۆمم بیرئەچێ تەوە بیرم ئەچێ دەبێ بمرم و جێت بێڵم. گەر مەرگ بزانێ ئەوەندەم خۆشدەوێى هەرگیز توخنم ناکەوێ، دەزانێ ڕۆحى من بۆئەو بێ هودەیە.. ئازیزم، گەر من بمرم تۆ سورپۆش بە بۆئەوەى لەکۆڵانەکانى مردنەوە سەیر بکەم بزانم ....!تۆدڵت خۆشە ڕۆحى من.. گەرهاتیتە سەرگۆڕم بەمیوانى باسى خۆت بکە دواى مردنم ئەوسائەڵێم... من باشم زۆرباشم تەنیا بیرت دەکەم
دوا هەناسەم پێ ببەخشە ئەڤین فەهمى لەو ئیوارە پڕ خەیاڵ و شومەدا بەشکانى باڵ و ڕۆحى شەکەتم بەرەو ئاوابوون هەڵەفڕم لەپەنجەرەى ژوورە چکۆلانەکەى خەیاڵمدا سۆزى چاوانت ئەبینم لەگەڵ کەڵەکە بوونى هەورەکان ئەپەیڤن... ئازیزەکەم،گەروا بەئاسانى لەفێڵەکانى پێکەنین ئەگەیشتم ئەوسا حیکمەتى ڕقەکانى تۆم ئەزانى! تۆ لەخەیاڵمدا مشتێ مروارى گەرد لێ هەڵ نشتوبووى چۆن دڵت هات ئەم ژیانە جێ بێلى؟ تاریکیت نیشاندام، مەرگت بۆمنیش کردۆتە چارە نووس! ئەوەتا گەردوون بۆنى هەناسەى شکانى دڵەکانى لێدێ، من ئەوکانیاوە بووم کەبەئەوینت تەڕتر ئەبووم... ئەفسوس ئەوینت باڵى لێکناو تۆزى دواى خۆى جێهێشت و زوو وشکم کرد.
دڵم بۆتۆیە ئەڤین فەهمى بەپشودام قەت دڵم ئۆقرە ناگرێ مەگەر دڵ بووەستێ لەترپە! ئاه..زریکانەوەى دڵى من دێ بەگوێتا هیچ لەتۆ ناگۆڕێ کەچى بەهەر ئازارێکى تۆ گەر کەمیش بێ ژان دێتە دڵى منەوە. لەبەرۆکى چ یارانێک ملوانکەى یادگاریمان گرێ بدەم بپاڕێمەوە لەچ پایزێ ئەودەمەى دێى لەگەڵ کوڕ گەڵاکانى درەختى خۆیدا هەڵت نەوەرێنێ، ڕوولەکام قیبلەى عەشق بکەم بۆئاخرین نوێژى پاک بوونەوە چ بارانێک لەگەڵ ڕەحمەتا تۆم بەسەرا ئەبارێنێ؟! بۆئەوەى پتر غەریبیت نەکەم. وەک نور بپژێ بەڕۆحما بۆ ئەوەى هەست بەبرینم بکەى تاچیتر گلەیى ئەو شیعرە شکاوانەم لێنەکەى ! وەک عاشقێکى پڕئاسودە بپرسە لێم ئەم دەستانەت چەندە شیعریان بۆ نوسیوم واشەکەت بووە...؟! یەک یەک شیعرەکانم وەستاون بۆت بیانکە قوربانى وەک دڵم کە لەڕێتە. من ئەو ئێوارەیەشم خۆشدەوێ کەبڕیارى لاى من ئەدەیت ئاى..کەلەکۆڵانەوە شۆڕ ئەبوویتەوە ئەو دەمە کەتۆم ئەبینى بەدزییەوە لەپشتى جلەکانى سەر تەناف دەگریام لێڵ تەماشام دەکردى، لەئاوڕێکى بێ هودەیى تۆ چەند جارێک بۆلاى ماڵە چۆڵەکەم دەتڕوانى ناچار دەچوومە پەناى دیوارەوە بۆئەوەى نەزانى لەماڵم قەت هێندەى ئەو دەمانە لەڕۆحى خۆم بێزار نەبووم! ڕۆحێک ئامادەیە گەر هەزاران جار بمرێ و زیندوو بێتەوە هەر خەمى تۆ هەڵگرێ.
جودا بوونەوەى ڕۆحى من وتۆ ئەڤین فەهمى ئەودەمە هەستم بەخۆشەویستیت کرد ئەفسوس خۆشەویستیت لەماچ کردنى دەستەکانما جێ هێشتبوو هەموو دەرگاکانى ئاسودەیت لێ قوفڵ دابووم ڕەوانەبوو هەروائاسان فەرامۆشت کردم! کاتێک تۆ فریاى دەست ماچ کردنى من ئەکەویتەوە ئیدى دەستەکانم چرچ و لۆچ بووەو پەنجەکانیشم هێزیان لێبڕاوە ئەوەندەى نامەى بۆتۆى پێ بنووسم هەرگیز نەت خوێندنەوە... لێوە تەڕەکانیشم، شەقار شەقار بوون کەدواى تۆ هیچیان نەچڕى جودابوونەوەى ڕۆحى من وتۆ ترازانى ئاسمانە بەئەستێران ئاه..جودابوونەوەى ڕۆحى من لەگەڵ تۆ وەک ڕۆحى پەڕەسێلکەیەکى بیمار پەلەقاژ ئەیا تۆ هەناسەى ئەو ئاوازانەت لێبڕیم جگە لەنۆتەى خەفەت نازانم چیان ناوبنێم شڵەژانى بەختى من لەدەستى تۆبوو هەلا هەلات کردم، باوەڕناکەى سیس بووم و ئیتر.. لۆمەى مردنم مەکە! ڕۆژ بەڕۆژ خەمى دوورى تۆ هەڕەشەى مردنم بۆ ئەنێرێ. پێش ئەوەى تۆفانى هەناسەى من بتگرێتەوە نزادەکەم لەخوداوەند بتپارێزێ مەپرسە ئێستاکە من چ دەردێک دەچنم تازە دڵم ئۆگرى دڵت بووەو ناتوانێ وازت لێ بێنێ! ئامادەم گەر بۆ دواین جاریش بێ بێیتەوەو تێرتێر لەباوەشت گرم
جگەلەدڵێکى شەقاربوومن هیچ نیم ئەڤین فەهمى من تروسکەى شکانێکم لەڕابردووى ئەوینێک ئەترسم کەتەنهاشکان پێناسەیەتى.. کەپێت ئەڵێم خۆشمەوێى هێندەمناڵ ئەبمەوە ئەبمەوە بەومناڵیەى کەیەکەمجار پێم وتى خۆشمەوێى.. ئەى تابلۆقەشەنگەکەى نێوخەیاڵم بەچاوەئەفسوناویەکانت بڵێ باتۆزێ بەڕوحمەوە لێم بڕوانێ.. ئەمشەوهاتووم بەسەرهاتى سوتانى هیوایەکمت بۆباسبکەم لەم چەندساڵى دابڕانەدا... ئەى هەنسکى هەمووسپێدەیەکم شەپۆلى توڕەیى تۆلەکەنارى کام وێرانەى ئەم مەملەکەتەیە؟ حەزم دەکرد پێکەنینێکت پێشکەش بکەم نازانم بۆ..خەندەیەکیشم نیە تابڵێم بۆتۆ! بمبەخشە..سەرمایەى من جگەلەخەم هیچیترنیە تاپێت ببەخشم، ئەواخەم دەستم دەگرێ و نازانم بۆکوێم دەبات! بەرلەوەى بڕۆم، داواى لێبووردن لەمانگ دەخوازم پێیدەڵێم" بمبەخشە" نەمتوانى تابەیانى بەکۆڵێک ئازارەوە بەدیارتەوە دابنیشم.. تازەلەدواى ئەم هەمووزامەوە چ فایدەیە ساڕێژبوون زەویم تەژى کرد لەخەم تاهەلاهەلا بووم.. وەک کۆمەڵەڕەنگێکى بڵاو بڵاوبوومەوە بەسەرپێدەشتى ئارەزووەکانى تۆ هەرپێت نەزانى.. ئەوادەستم لەناودەستى خەمەو لەگەڵاى زەردى خەزان ئەپرسم ئەلێم" ئەزانى چەندیتر ئەژیم؟ ئەى ئەزانى من بەوهەمووبرینەوە لەکوێ ئەمرم؟ وەڵامێکى پێنیە بمداتێ وەک تۆکەدڵێکت نیە بمدەیتێ وێڵگەڕم بۆوەڵامى پرسیارودڵى تۆ هەزارەهاشەوى درێژ بۆتۆگریاوم لەوەش سەختتر تۆبێ ئاگاى لەحاڵى من.. کەنامەیەکت ئەگات وائەزانم زەوى لەسوڕان بۆتەوە هەمیشەپڕم لەدوعاکردنى هاتنى نامەیەکت، دەمەوێ لەتەلبەندى پەنجەرەى ژورە تەنیاکەم بێمە دەرێ و ئیدى نەیەمەوە، برینەکانم جێئەهێڵم و دواى هەناسەى تۆئەکەوم.. داواى باوەشێک لەمیهرەبانیت لێ ئەکەم بۆئەوەى بزانى لانەیەکم ناوێ بێ تۆ ڕێگایەکى دوورت بۆئەبڕم و کەهاتم ئەترسم..پێم بڵێى تۆبۆهاتى؟ ئاه.. کەتۆپڕبووى لەمیهر بۆچى لەڕقت هەڵکێشام؟! تۆئەى ئازارێکى بێدەنگ نامەیەکت دروستم ئەکاتەوە.. بێهودە لەگەڵ خەم ئەڕۆم و خوێن لەدڵى ماندووم ئەتکێ..! ئەوسائەزانم من جگەلەدڵێکى شەقاربووهیچ نیم..
پڕاوم پڕم لەپاڕانەوە ئەڤین فەهمى ڕابردەم هاتۆتە گۆو بەکۆڵانى مناڵیما ڕەت ئەبێ هەموو هەنسکەکانى دڵشکانمى لەکۆڵ گرتووەو وردە وردە هەرەسم پێدێنێ! ئەپاڕێمەوە.. ئەى میهرەبانى بمبەرەوە بۆخۆت بۆ وەهمەکانى فیردەوس بمبەخشە لەگوناهى توڕەیم، مەحبوبەکەم.. لەم کۆتاییەدا وەرە بایارییەکانى ژیان جوان بکەین میلى کاتژمێرەکان بووەستێنە، سەیرکە عەشق فێرى چ گوناهێکى کردم پاڕانەوە توشى چ نغرۆبوونێکى کردم عیشق لێرە لەگەڵ مندا سەما ئەکات منێکى لاشەسڕى شەیدابوون بەڕەنگەکانى بەرائەت خودایە بەرەو ڕێگاچۆڵەکانى مەرگ ڕام کێشە، پاکم بکەرەوە لەوگوناهانەى لەملم کردووە. تۆ ئەى یار.. بم لکێنە بەدیوارەکانى مەستییەوە، سڕم کە بەپەنجەکانت! مەراق کوشتومى و ڕاڕایى هەراسانى کردووم ئاه..ئەوسا من وتۆ دوومەخلوقى سەرشێتى ئەم کەونەبووین ئەفسوس کەون لەناو ئێمەدا سەرشێتێکى یاخییە! عەیامێک بەپەلکە زێڕینە مت بووەکان ئاهەنگى ماڵئاوایم بۆگەڵا سیس بووەکان ساز ئەکردوو بەرەو ئاسۆکانى ناکۆتا ئەمڕوانى.. لێگەڕێ باڕەنگەکانى تەمەن تێکەڵ بەیەکترى بکەم بۆئەوەى جوانترین ڕەنگى حەزەکانم دروست بکەم! لەزەمانى غەریبیمدا عادەتم کردبوو.. بەپەنجەکانم لەسەر یەکە بەیەکەى ئاوێنەکان چیرۆکى پەشیمانى بنووسمەوە ئەى بەختەوەرى.. کلیلى خۆش ئاسودەیم لێ ونە ترسم هەیە بارانى نائومێدى ژەنگى پێکردبێ گومان لاى خۆى حەشارى دابێ، ئازارەکان هێدى هێدى کڵپە ئەدەن مێژوو ئەى نوسێتەوە لەنێو غەزەلدا تۆمارى دەکات بۆجوانکردنى درێژترین قەسیدە! دەلێ گەڕێ بۆتاکۆتا لاپەڕەکانى عەشق تۆخ بکەمەوە چون وەڕ بوون لەکاڵ بوونەوە.
بیرت دەکەم ئەى دۆست ئەڤین فەهمى هەڵم بگرە ئەى با لەبەردەرگاى یار دامنێ یار چاوەڕێمە.. بیرى دەکەم، بیرم دەکا لەم کوچە زیندانییەى منى لێ عاسیم لەڕۆحم جودا نابێ و مێشکم دەخوا! ئەمەوێ پەنجەکانم لەم تەلبەندە ئاگرینیە بکەمەوە هەرچەند ئەکەم بەرم نادا توند توند پەنجەکانمى تەنیوە تاسەر ئێسقان داگیرى کردووم، وەک جەلادێک یارى بەتەمەنم ئەکا واخەریکە ئەم کوچەى بێڕەحمییە لە پێستم ئەخوا! من ژانى خۆمم لەکۆڵ گرتووەو نیازمە تابەردەرگاى تۆ نەوەستم ئەگەر چى برین بەبرین ئاشنایە بەئەندازەى ئەوگڕە بێ بەزەییە بیرت دەکەم ئەى دۆست!! دەمەوێ دواجار لەم جەهلستانى غروبەدا سوار کەشتیەک بم و کەس نەم بینێ.. قاچاخ چییەکانی کەنار دەریاش پێم نەزانن. بەباوەشێک یاخى بوونەوە بگەم بەدورگەیەک..، وشەکانى ڕۆحى تۆ داگیرى کردبێ، حەزمە ئەم داگیرگەیەى پڕە لەتۆ دیسان دیلم کاتەوە! گەرشەوانیشى ترسناکتر بێ لەهەرشتێ لێى ڕاناکەم.. لەبەر ئەوەى من زێدى خۆم ناناسمەوە. ئیدى هیچ شوێنێکم نییە بۆى بچم تۆبێیت بمبەیتەوە ئەوێ!! ئەى دۆست گەر ئەم هەموو تەنیاییە نە بوایە من کەى ئەبووم بەدۆستى شیعر؟! ئەوەندە غەریبیت دەکەم واخەریکە خوێنم دڵم دەخورێنێ، وەرە ئەى هەناسەى دواین وێستگەى ژیانم بەقژ ڕامکێشە بمخەرە نێو شێتترین دەریا بەچاوى خۆت خنکانم ببینە! من لەتۆ ناچم جەلادى کوشتەى دڵى خۆمم خۆشەوێ چەند ساڵێکە لەزەت لەخوێنم ئەبینێ زۆر جار کەمیهرەبانە چاوى تەڕى ڕۆحم دەکرۆژێ.. نەفەسم بێ بەریم ئەکات گەر نەت بینمەوە، گەر تۆبمرى گلەیى ناکەم بەڵام کە تۆبژى بۆمن نەبى زویر ئەبم لەقەدەر! لەهەر زەمەنێک لەچ کوچەیەک بم تەنیایى ئەم ناسێتەوە... من لەگەڵیا گەورە بووم زوو زوو باسى مردنى بۆئەکردم کەبێتاقەت ئەبوو فاڵى بۆئەگرتمەوە پێى دەوتم خەم مەخۆ ئازیزم ئەوە قەدەرى تۆیە دەبێ بۆتاکۆتا لەگەڵ تەنیایى دابى!! شەوانە حەزم دەکرد دەستم بگات بەو ئەستێرانە کەخودا ناردوویەتى بۆساباتى خەمەکانم بەیەکە یەکەى ئەستێرانە بنووسم بیرت دەکەم ئەى دۆست...
بەختەوەرى ئەڤین فەهمى گەرتۆ مەرگ بوویتایە زۆر دەمێک بوو مردبووم. لەبەر ئەوەى توند لکاویت بەڕۆحمەوە! ئێستاکە کەسێک نەئەبوو پێت بڵێ حەزم بەباوەشى تۆیە! کەئاڵۆزى خەمێک دوور لەیەکتر ڕووى تێ ئەکردین فێرى حیکمەتەکانى کوفرکردن ئەبووین کەیەکتریشمان ئەبینى ئەتریقاینەوە بۆ یەکتر هێندەى بەختەوەرى بەختەوەر ئەبوومەوە! بەئەستم خۆمم ئەناسییەوە، بەچ یاسایەک ڕەوابوو کەتۆ برینت لەسەر ڕۆحى شەکەتم هەڵدەکۆڵى و هەر خۆشت دەتکولاندەوە؟!
گێڕانەوەى سەردەمى ئەوینێک ئەڤین فەهمى
لەساتەوەختى هەڵوەرینى گەڵاى عومرم.. بێ هودە لەودیوشوشەبەندى پەنجەرەتەڵخەکان، ئەڕوانمە تارماییەکانى ژوانێکى تەڕ نەفرەتم کرد لەوئیبلیسانەى کەچۆن بازیاندا بەسەردیوارەکانى ژینى مندا بەناوەختى پەنجەرەکانیان داکوتام، ئەى پاڵەوان.. بیرتەئەودەمانەى من و تۆ کێبرکێ مان بوو لەوەى کاممان یەکتریمان خۆشتر ئەوێ؟ بەڵام یەکسان نەبووین لەڕادەى خۆشەویستى! ئەى بیرتە بەهەناسە بڕکێوە بەترسێکى مناڵ کارانەوە پێم ووتى ناتوانم جێت بێڵم.. تۆش وەکو جەلادێکى بەسۆز کەڕۆژى دەجار شەڕى ڕۆحم لەگەڵ دەکەی دڵم ئەدەى بەبەر قامچى وشەکانت و پێت وتم لەگەڵتا دێم بەتەنیا نیت ئاى..چەندە ئەستەم هەنگاوم نا بەرەو ڕۆشتن، ڕۆشتنێک تاهەتایە تەنیام..! دەمەوێ ئێوارەیەک بێمەلات و لاشەکەم پڕکەم لەبۆنى چکلێت لەڕێگا زۆر شت ئەبینم و ئەبیستم نەفرەت ئەکەم بەوانەى ڕێگاى هاتنى لاى تۆم پێئەگرن باکم نیە لەسەختى ڕێگا.. دوورەبم لەچاوە شەیتانیەکان ئەم ئێوارەیەى کەبەنیازم بێم من شیعر ئەخوێنمەوەو تۆش بەستاندەکەتەوە فڵچەکەت هەڵگرەو تابلۆکانى سەراب بکێشە ناوى بنێ بۆنى وەهمەکان دەزانم ئەم ئێوارەیەقەت نایە! تۆدەمێکە نەفرەتت کردووەلەشەوە نەگبەتیەکان، ڕابردەى شکانەکانت بەدواتەوەیەو قێزت لە پاڕٍانەوەت ئەکردەوە، قەڵس ئەبویت بە پشکوتنى گوڵەکان و پاشماوەى دڵۆپە بارانى سەر پاڵتۆکەت.. واى تۆچیت لێدەرچووە؟ ڕقت لەباڵندەکان دەبۆیەوە گۆرانییەکانت بەنا بەدڵى ئەوتەوە، دەستەکانمت بەرئەداو ئاهێکى قوڵت هەڵ ئەکێشا بەزۆر پێت دەوتم جنێوم پێبدە! ئەزانى جگە لەسۆزى تۆ سۆزى هەرکەسێ بۆمن بێ بەهایە ئەى بۆچى ئەتەوێ لەنێو جیهانى خۆم دەرم بێنى کەتەنها پەیوەستم بەتۆ؟! بیرمە..بەدەم قاوەخواردنەوەوە پێت وتم دونیاى من و تۆ زۆر جوانە، ئاه..چ قاوەگرەوەیەکى نەگریس بوویت ئیدى،ماڵى هەمووکەسێکت ڕوناک کردەوە تەنیاماڵى من نەبێ، ماڵەکەى من لەهەمووشتێک پڕە بەس خاڵییەلەتۆ! مودەتێک هەمووسپێدان هەواڵتم ئەپرسى تەنانەت چۆلەکەى سەربانى ماڵەکەشتانم خۆشئەویست.. شەوانە لەبرى خۆم ئەستێرە راِڕاکانم دەنارد بۆپرسینى هەواڵى تۆ دواى گەڕانەوەیان دەستیان ئەکرد بەگێڕانەوەى حیکایەتەکانى تۆ واى چەندەحەزین بوون! دڵە..لەیەکەم ساتى تەمەنمەوە ئەڕوانم بۆدواهەمین ساتم لەگەڵ تۆدا بۆهاوارێک گوێ هەڵدەخەم نازانم لەکام لاى ئەم دۆزەخەوەدێ.. ئازیزەکەم،لەبیرت دێ من و تۆ ڕامان دەکرد بۆسەرابى ئاسودەیى ئەفسوس کەئەگەیشتین هێندەى نەئەبرد ون دەبوو لێمان ئاسودەییت لەپشتى کوکوختیە نیگبەتەکاندا بۆدەناردم فڕین لەگەڵ خۆى دەبردن.. هیوایەکم پێ ببەخشە بۆئەوەى هەتائەمرم هەربۆئەوهیوایە بژیم. دووعام بۆبکە بۆئەوەى بتوانم بێ تۆبژیم تابزانم بژێم! دەبینى ئەزیزم عیشقى من وتۆ بووبەتابلۆیەکى بێ ماناو تەماشاکارێکى کەم، سەمایەکى بێ ڕیتم و یارییەکى مناڵانەى دڵ پڕهیوا کەبەدەم قاقاوە ئێواران هەمووئێواران ڕایان دەکردەماڵەوەو بیریان لەکاریسەکانى گەورەبوون نەئەکردەوە، ئەودەمەى، ئەستێرەیەکى بێناونیشان بووم بێبەرى بووم لەئاسمان، وەک باڵندەیەکى کۆچەرى هاتبوومە میوانى ڕۆحت و تۆش بەپاساوێک لەزیندەگى خۆت !! بێبەریت کردم..
|