|
یەک شەممە, 19 شوبات 2012 22:48 |
|
توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كردووە جگەرەكێشان دۆخی دەركەوتنی پیری لە پیاواندا خێرا دەكات و جگە لەوەش توانا زانینییەكانی پیاو لە ناوەڕاستی تەمەندا دەشێوێنێت.
توێژینەوەكە ئاشكرای كردووە تێكچوونی ئەركەكانی مێشك لای جگەرەكێشەكان بە شێوەیەكی پلە بە پلەیی لە تەمەنی 50 ساڵییەوە لە پیاواندا دەردەكەوێت، ئەمە لە كاتێكدا ئەوانەی جگەرە ناكێشن ئەو تێكچوونە لە تەمەنی 60 ساڵیدا لەلایان دەردەكەوێت.
سڤیرین سابیای دكتۆری پەتاكان گوتی توێژینەوە تاقیگەییەكان سەلماندوویەتی جیا لەوەی كە جگەرەكێشان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تووشبوونی نەخۆشییەكانی سنگ و شێرپەنجە و دڵ و خوێنبەرەكان، لە هەمان كاتدا كاریگەریی لەسەر پیربوونیش هەیە و رێگری لە توانای چاودانە سەر و وردبوونەوەی پیاوان دروست دەكات لە بارەی بیرهاتنەوەی رووداوەكانی رابردوو و ئەمە بە شێوەیەكی ئاشكرا لای جگەرەكێشەكان لە تەمەنی 45 ساڵیدا دەردەكەوێت.
جێی ئاماژەیە توێژینەوەكان ئەوەشیان دەرخستووە كە هەمان شت بۆ ئافرەتان بەو شێوەیە نییە وەك ئەوەی لای پیاوان هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو جیاوازییە بیۆلۆجییانەوە كە لە نێوان هەردوو رەگەزدا هەیە لەگەڵ شێوازی مامەڵەی لەش لەگەڵ جگەرەدا و چۆنیەتی كاریگەریی جگەرە لەسەر لەش، ئەمە جیا لەوەی كە وەڵامدانەوەی مێشكی پیاوە جگەرەكێشەكان بۆ رووداوەكانی چواردەوریان جیاوازە لە وەڵامی ژنە جگەرەكێشان بۆ هەمان ئەو رووداوانە.
بەپێی دوایین سەرژمێری ژمارەی جگەرەكێشەكان ئێستا لە جیهاندا 1.1 ملیار كەسە كە 88 لە سەدیان پیاوانن و 12 لەسەد ژنانن و راپۆرتە پزیشكییەكان دەڵێن ئەو كەسانەی بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرن ساڵانە 3.5 ملیۆن كەسە لە هەموو جیهاندا كە 1.2 بەهۆی شێرپەنجەی سییەوە دەمرن.
قەبارەی بازرگانیی جگەرە لە جیهاندا ساڵانە بە 407 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
سەرچاوە: سی ئێن ئێن
 |